عن جابر رضي الله عنه مرفوعًا: «من قال حين يَسْمَع النِّدَاء: اللَّهُم ربِّ هذه الدَّعْوَة التَّامة، والصَّلاة القَائمة، آتِ محمدا الوَسِيلَة والفَضِيلة، وابْعَثْه مَقَامًا محمودًا الَّذي وعَدْتَه، حلَّت له شَفَاعَتِي يوم القيامة».
[صحيح] - [رواه البخاري]
المزيــد ...

ئەم وەرگێڕاوە پێویستی بە پێداچوونەوە و وردبوونەوەی زیاتر هەیە.

لە جابرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەرکەسێک کاتێک گوێی لە بانگ دەبێت وبڵێت: (اللهم رب هذه الدعوة التامة، والصلاة القائمة، آت محمدا الوسيلة والفضيلة، وابعثه مقاما محمودا الذي وعدته)*؛ ئەوا شەفاعەتی من بۆ ئەو کەسە واجب دەبێت لە ڕۆژی قیامەتدا». *(واتە: خودایە، ئەی پەروەردگاری ئەم بانگ ونوێژە کامڵ ودامەزراو ومەزنە؛ -الوسیلة: بەرزترین شوێن لە بەهەشتدا- و -الفضیلة: گەورەترین پلەی فەزڵ وڕێزلێنان- ببەخشە بە موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-، وزیندووی بکەرەوە وپلەی ستایشکردنی خۆتی پێببەخشە کە پەیمانت پێداوە لە ڕۆژی قیامەتدا)
صەحیحە - بوخاری گێڕاویەتیەوە

شیکردنەوە

واتای فەرموودەکە: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (هەرکەسێک کاتێک گوێی لە بانگ دەبێت وبڵێت: -اللهم رب هذه الدعوة التامة-، واتە: خودایە، ئەی پەروەردگاری ئەم بانگە کامڵ ومەزنە ): واتا هەرکەسێک ئەم نزایە بخوێنێت بەم شێوەیەی کە لە سونەتدا هاتووە پاش ئەوەى بانگبێژ تەواو دەبێت لە بانگدان، ولە گێڕانەوەیەکی تردا هاتووە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (إذَا سمعتم المؤذِّن، فقولوا مثل ما يقول، ثمَّ صَلُّوا عليَّ، ثمَّ سَلُوا اللهَ لي الوسيلة،،،) [رواه مسلم]، واتە: (ئەگەر گوێتان لە بانگبێژ بوو؛ ئەوا ئێوە هەمان شت بڵێنەوە وەکو ئەوەى بانگبێژ دەیڵێت، پاشان سەڵاوات لەسەر من بدەن، وپاش ئەوە داوای -پلەی وەسیلەت- بۆ من بکەن)، ئەم نزاکردنە لە پاش تەواوبوونی بانگەکەیە، وناونراوە بە -الدعوة التامة، واتا بانگە کامڵ ومەزنەکە- چونکە بانگکردنی خەڵکی تێدایە بۆ ئەنجامدانى نوێژ، و-التامة- واتا کامڵ وتەواو چونکە عەقیدە وبیروباوەڕەکانی ئیمان هێنانى تێدایە لە تەوحید -یەک خودا پەرستی- وبە ڕاستدانان ودانپێدانان بە ڕاستی پەیامی موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-، وبانگەکە بە تەکبیر کردن دەستپێدەکات، ودوو شاهێدی دانەکەی تێدایە کە ئەم دووانە پایەی یەکەمی ئیسلامن، وپاشان بانگکردنی تێدایە بۆ ئەنجامدانى نوێژکردن، وپاشان کۆتایی پێدەهێندرێت بە تەکبیر کردن -ووتنی: الله أکبر- ودانپێدانان بە تەوحید -یەک خودا پەرستی بە ووتنی: ﻻ إله إﻻ الله-. (والصلاة القائمة، واتە: نوێژە دامەزراو ومەزنەکە): دوو واتای هەیە/ 1. دادەمەزرێت -واتا قامەتی بۆ دەکرێت-، 2. واتا ئەم نوێژە دەگۆڕدرێت وبەردەوام دەبێت وئەنجامدەدرێت هەتا ئاسمانەکان وزەوی مابن. (آت محمدا، واتە: ببەخشە بە موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم-): واتا ئەم شتانەى پێبەخشە کە لە فەرموودەکەدا باسکراوە کە دوانیان پەیوەستن بە ڕۆژی قیامەتەوە -الوسیلة ومقام المحمود-، ودانەیەکیان بۆ هەموو سەردەمێکە -الفضیلة-. (الوسيلة، واتا: بەرزترین شوێن لە بەهەشتدا): -الوسیلة : وەسیلەت- خۆی لە بنەڕەتدا ئەو شتەیە کە بەهۆیەوە لە کەسێکی تر نزیک دەبیتەوە وپلەت بەزر دەبێتەوە، بۆیە وەسیلەت بۆ نزیکبوونە لە خودا وبۆ بەرزبوونەوەى پلەی بەندە بریتیە لە کردەوەى چاک لە فەرز وسونەت وجێبەجێکردنی فەرمانەکان ودوورکەوتنەوە لە نەهی لێکراوەکانى شەریعەت و هەرکردەوەیەک خودا پێی خۆش بێت کە بەهۆیانەوە بەندە لە خودا نزیک دەبێتەوە، بەڵام لێرەدا -الوسیلة : وەسیلەت- بە ماناى بەرزترین پلە دێت لە بەهەشتدا، هەروەکو لە گێڕانەوەیەکی تردا هاتووە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (إذا سمعتم المؤذن، فقولوا... ثم سَلُوا الله لي الوَسِيلَة؛ فإنها مَنْزِلة في الجنَّة لا تَنبغي إلا لعِبد من عباد الله ، وأرجو أن أكون أنا هو) [رواه مسلم]، واتە: (ئەگەر گوێتان لە بانگبێژ بوو، ئەوا بڵێن،،،، پاشان داواى -الوسیلة : وەسیلەت- بۆ من بکەن؛ چونکە ئەو شوێن وپلەیەکە لە بەهەشتدا بە هیچ کەسێک لە بەندەکانی خودا نادرێت مەگەر یەک بەندە نەبێت، وهیوادارم کە ئەو بەندەیە من بم). (والفضيلة، واتا: گەورەترین پلەی فەزڵ وڕێزلێنان): واتا بەرزترین پلەی فەزڵ وڕێزلێنان ببەخشە بە موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- لە نێو هەموو بوونەوەرەکان. (وابعثه مقاما محمودا الذي وعدته، واتا: زیندووی بکەرەوە وپلەی ستایشکردنی خۆتی پێببەخشە کە پەیمانت پێداوە لە ڕۆژی قیامەتدا): واتا کاتێک خەڵکی زیندوو دەبنەوە لە نێو گۆڕەکانیان ئەو پلە بەرزەی پێ ببەخشە کە شەفاعەت کردنە کە بەهۆیەوە سوپاسی دەکەن، وبە -مقام المحمود- ناودەنرێت چونکە بەهۆی ئەو پلەوپایەوە سوپاس وستایش دەکرێت ومەبەستیش لێرەدا شەفاعەتە مەزنەکەیە بۆ بەرپابوونی لێپرسینەوە لە ڕۆژی قیامەت، کە هەموو بوونەوەرەکان لە یەکەمەوە بۆ کۆتا سوپاسی دەکەن پاش ئەوەى وەستان لە خاکی مەحشەردا زۆر زۆر درێژەی کێشا وناڕەحەت بوون، وخەڵکی دەچن بۆ لای ئادەم -علیه السلام- بۆ ئەوەى شەفاعەتیان بۆ بکات بۆ ئەوەى ڕزگاریان بێت لەو حاڵەتیان بەڵام ئەو دەڵێت کە ناتوانێت ئەو داوایە جێبەجێ بکات، ودەچن بۆ لای نوح وئیبراهیم وموسا وعیسا -علیهم الصلاة والسلام- بەهەمان شێوە دەڵێن ناتوانین ئەو داوایە جێبەجێ بکەین، وپاشان دەچن بۆ لای موحەمەد -صلى اللە علیە وسلم- ودەڵێت: (أنا لها) واتە: (من ئەم داوایەتان بۆ جێبەجێ دەکەم)، پاشان سوجدە دەبات لە ژێر عەرشی پەروەردگاردا وئیلهامی حەمد وسوپاسکردنی خودای پێدەبەخشرێت بەشێوەیەک کە بەهیچ کەسێک نەبەخشراوە لە پێش ئەو، وپاشان پێی دەووترێت: سەرت بەرز بکەرەوە، وداوا بکە داواکەت جێبەجێدەکرێت، بۆیە داواى شەفاعەت دەکات، وئەو ناڕەحەتیەیان لەسەر لادەچێت بەهۆی شەفاعەتی پێغەمبەرمانەوە -صلى اللە علیە وسلم-. (الذي وعدته، واتە: کە پەیمانت پێداوە): واتا خودا پەیمانی داوە بە بەخشینی شەفاعەتە مەزنەکە -الشفاعة العظمى- بە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئەوەى لێپرسینەوە بەرپا ببێت لە نێوان بوونەوەرەکاندا، وخواى گەورە دەفەرموێت ﴿وَمِنَ اللَّيْلِ فَتَهَجَّدْ بِهِ نَافِلَةً لَكَ عَسَى أَنْ يَبْعَثَكَ رَبُّكَ مَقَامًا مَحْمُودًا﴾ [الإسراء: 79]، واتە: ﴿وئەی موحەممەد -صلى اللە علیە وسلم- لە بەشێکی شەودا ھەستە شەونوێژ بکە بە قورئان خوێندن تێیدا ئەو زیادە نوێژی تایبەت بە تۆیە ئومێدەوار بە بەوەى کە پەروەردگارت بتگەیەنێـت بە پلە وجێگایەکی پەسەندکراو -کە شەفاعەتی گەورەیە بۆ خەڵکی لە قیامەتدا-﴾، وشەی -عسى- لێرەدا بە مانای ئەوە دێت ئەگەر ئەو کردەوەیە ئەنجامبدەیت ئەو پلەیە بە تۆ دەبەخشرێت کە پلەی: -الشفاعة العظمى، شەفاعەتە مەزنەکەیە-. (ئەوا شەفاعەتی من بۆ ئەو کەسە واجب دەبێت): واتا شەفاعەتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆ ئەو کەسە واجب وجێگیر دەبێت وشایەنی دەبێت بەهۆی ئەم نزایەوە، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- شەفاعەت بۆ ئەو کەسە دەکات کە بەوەى بچێتە بەهەشتەوە بە بێ لێپرسینەوە وسزا یان پلەی بەرز بێتەوە لە بەهەشتدا یان ڕزگاری ببێت لە دۆزەخ. (لە ڕۆژی قیامەتدا): ڕۆژی دوایی -قیامەت- بەم ناوە ناونراوە چونکە لە وشەی -قیام- بە مانای هەستان وڕوودان وبەرزبوونەوە دێت وگەلێک ڕووداوی مەزنی تێیدا ڕوودەدات، لەوانەش: زیندووبونەوەى بوونەوەرەکان، وشاهێدی دانەکان لەسەر بەندەکان، و وەستانی بوونەوەرەکان لە خاکی مەحشەردا وزۆر ڕووداوی تر.

وه‌رگێڕانی ماناكان: ئینگلیزی فەڕەنسی ئیسپانی تورکی ئۆردی ئەندەنوسی بۆسنی ڕووسی بەنگالی چینی فارسی تاگالۆگ هیندی ئیگۆری هوسا پورتوگالی
پیشاندانی وەرگێڕانەکان
زیاتر