+ -

عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رضي الله عنه قَالَ:
قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «إِنَّ اللَّهَ قَالَ: مَنْ عَادَى لِي وَلِيًّا فَقَدْ آذَنْتُهُ بِالحَرْبِ، وَمَا تَقَرَّبَ إِلَيَّ عَبْدِي بِشَيْءٍ أَحَبَّ إِلَيَّ مِمَّا افْتَرَضْتُ عَلَيْهِ، وَمَا يَزَالُ عَبْدِي يَتَقَرَّبُ إِلَيَّ بِالنَّوَافِلِ حَتَّى أُحِبَّهُ، فَإِذَا أَحْبَبْتُهُ: كُنْتُ سَمْعَهُ الَّذِي يَسْمَعُ بِهِ، وَبَصَرَهُ الَّذِي يُبْصِرُ بِهِ، وَيَدَهُ الَّتِي يَبْطِشُ بِهَا، وَرِجْلَهُ الَّتِي يَمْشِي بِهَا، وَإِنْ سَأَلَنِي لَأُعْطِيَنَّهُ، وَلَئِنِ اسْتَعَاذَنِي لَأُعِيذَنَّهُ، وَمَا تَرَدَّدْتُ عَنْ شَيْءٍ أَنَا فَاعِلُهُ تَرَدُّدِي عَنْ نَفْسِ المُؤْمِنِ، يَكْرَهُ المَوْتَ وَأَنَا أَكْرَهُ مَسَاءَتَهُ».

[صحيح] - [رواه البخاري] - [صحيح البخاري: 6502]
المزيــد ...

لە ئەبی هوڕەیڕەەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە:
پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «خواى گەورە فەرموویەتی: ئەوەى دژایەتی دۆستێكی (وەلیەكی) من بکات؛ ئەوا من جەنگی لە دژ ڕادەگەیەنم، وبەندەکەم بە هیچ شتێک لە من نزیک نابێتەوە کە خۆشەویست بێـت لە لام ؛ هێندەی نزیکبوونەوەى لێم بە ئەنجامدانى ئەو شتانەی لەسەری فەرزم كردووە، وبەندەکەم بەردەوام لێم نزیک دەبێتەوە بە ئەنجامدانى نافیلەکان^ هەتاوەکو خۆشم دەوێت، ئەگەر خۆشم ویست؛ ئەوا پارێزەری ئەو بیستنەی دەبم کە پێی دەبیستێت، وئەو بینینەی کە پێی دەبینێت، وئەو دەستەی کە شتی پێ وەردەگرێت، وئەو پێیەی کە پێی ڕێدەکات، ئەگەر داوام لێبکات ئەوا پێی دەبەخشم، وئەگەر پەنام پێبگرێت ئەوا پەنای دەدەم، لەسەر ئەنجامدانى هیچ کردەوەیەک بە گومان نەبووم وەکو گومانم لە کێشانی ڕۆحی ئیماندار، حەز لە مردن ناکات، ومنیش حەز ناکەم ئازاری بدەم». ^(نافیلە؛ واتە: ئەو وتە وکردەوانەى کە فەرز نین بەڵام بەندە ئەنجامیان دەدات بۆ بەرزبوونەوەى پلە ونزیکبوونەوەى لە خواى گەورە، پێشی دەووترێت: سونەت یان موستەحەب یان خۆبەخش)

[صەحیحە] - [بوخاری گێڕاویەتیەوە] - [صحيح البخاري - 6502]

شیکردنەوە

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆمان دەگێڕێـتەوە لە فەرموودەیەكی قودسیدا كە خوای گەورە -عز وجل- فەرموویەتی: ئەوەی ئازاری دۆستێكی -وەلیەكی- من بدات وتوڕەی بكات وڕقی لێبێت ئەوا من دژایەتیكردنی ڕادەگەیەنم.
دۆستی -وەلی- خوای گەورە: بریتیە لە ئیمانداری تەقوادار، هەتا بەندە ئیمان وتەقوای زیاتر بێت ئەوا دۆستایەتی خوای گەورە بۆی زیاتر دەبێت. وبەندە بە هیچ شتێک لە پەروەردگاری نزیك نابێتەوە کە خۆشەویست بێـت لە لای پەروەردگاری ؛ هێندەی نزیکبوونەوە لێی بە ئەنجامدانى ئەو شتانەی لەسەری فەرز و واجبی كردووە، ئەمیش ئەنجامدانی پەرستنەكان ودووركەوتنەوە لە حەرامكراوەكان دەگرێتەوە، ومسوڵمان بەردەوام نزیک دەبێتەوە لە پەروەردگاری بە ئەنجامدانی كردەوە سونەتەكان لەگەڵ فەرزەكان ؛ هەتاوەكو خوای گەورە خۆشی دەوێت. ئەگەر الله خۆشی بوێت؛ ئەوا ڕێنموێنی دەكات لە چوار ئەندامیدا:
ڕێنموێنی دەكات لە بیستنیدا، بۆیە تەنها شتانە دەبیستێت كە خوای گەورە لێی ڕازیە.
وڕێنموێنی دەكات لە بینینیدا، بۆیە تەنها سەیری ئەو شتانە دەكات كە خوای گەورە پێی خۆشە سەیری بكات وپێی ڕازیە.
وڕێنموێنی دەكات لە دەستیدا، بۆیە تەنها ئەو كردەوانە دەكات بەدەستی كە خوای گەورە پێی ڕازیە.
وڕێنموێنی دەكات لە پێیدا، بۆیە تەنها بۆ ئەو شوێنانە دەڕوات كە خوای گەورە لێی ڕازیە، وتەنها بۆ خێر وچاكە هەوڵدەدات.
لەگەڵ ئەمانەیشدا ئەگەر داوای هەرشتێك لە خوای گەورە بكات ؛ پێی دەبەخشێت، نزاكانی وەڵام دەدرێتەوە، وئەگەر پەنا بە الله بگرێت وداوای پاراستنی لێبكات؛ ئەوا الله -سبحانه وتعالی- دەیپارێزێت وپەنای دەدات لەو شتەی لێی دەترسێت.
پاشان خوای گەورە -سبحانه وتعالی- فەرمووی: لەسەر ئەنجامدانى هیچ کردەوەیەک بە گومان نەبووم وەکو گومانم لە کێشانی ڕۆحی ئیماندار ؛ وەكو ڕەحمەتێك بەرامبەری، چونكە حەز لە مردن ناکات بەهۆی ئێش وئازارەكەی، وخودایش حەزی بەو شتە نییە كە ئیماندار ئازار دەدات.

وه‌رگێڕانی ماناكان: ئینگلیزی ئۆردی ئیسپانی ئەندەنوسی ئیگۆری بەنگالی فەڕەنسی تورکی ڕووسی بۆسنی سینهالی هیندی چینی فارسی ڤێتنامی تاگالۆگ هوسا پورتوگالی مالایالام تلغۆ سه‌واحیلی تایلەندی پەشتۆ ئاسامی سویدی ئەمهەری هۆڵەندی غوجاراتی قیرغیزی نیپاڵی یوربایی لیتوانی داری سڕبی سۆماڵی كينيارواندی ڕۆمانی چیكی مالاگاشی ئورومی كانادی
پیشاندانی وەرگێڕانەکان

لە سوودەکانی فەرموودەکە

  1. ئەم فەرموودە لەوانەیە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەیگێڕێتەوە لە پەروەردگارییەوە، بە (فەرموودەی قودسی) یان (فەرموودەی خودایی) ناودەبرێت، ووتن وماناكەی لە الله وەیە، بەڵام تایبەتمەندیەكانی قورئانی پیرۆزی نییە كە جیای دەكاتەوە لە قسەی تر؛ لەوانەش: خوێندنەوەی پەرستنە ودەستنوێژگرتن بۆ خوێندنەوەی وتەحەدا وموعجیزە، وهتد.
  2. نەهی كردن لە ئازاردانی دۆستانی الله وهاندان بۆ خۆشویستنیان، ودانپێدانان بە فەزڵ وچاكەیان.
  3. فەرمانكردن بە دژایەتیكردنی دوژمنانى الله، وحەرامێتی دۆستایەتی كردنیان.
  4. هەركەسێك بانگەشەی دۆستایەتی الله بكات بەبێ شوێنكەوتنی شەریعەتەكەی ؛ درۆ دەكات لە بانگەشەكەیدا.
  5. مرۆڤ دەبێتە دۆستی الله ؛ بەجێبەجێكردنی فەرزەكان ودووركەوتنەوە لە حەرامكراوەكان.
  6. لەو شتانەی دەبنە هۆی ئەوەی الله بەندەی خۆشبوێت و وەڵامی نزاكانی بداتەوە ؛ ئەنجامدانی كردەوە سونەتەكانە لەپاش جێبەجێكردنی واجبەكان ودووركەوتنەوە لە حەرامكراوەكان.
  7. ئاماژەكردن بۆ ڕێزداری وشەرەفمەندی دۆستانی الله وبەرزی پلەوپایەیان.
زیاتر