پۆلێنکردن: . . .
+ -
عَنْ عَائِشَةَ أُمِّ المُؤْمِنينَ رَضِي اللهُ عنْها قَالَتْ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ:

«أَيُّمَا امْرَأَةٍ نَكَحَتْ بِغَيْرِ إِذْنِ مَوَالِيهَا، فَنِكَاحُهَا بَاطِلٌ -ثَلَاثَ مَرَّاتٍ- فَإِنْ دَخَلَ بِهَا فَالْمَهْرُ لَهَا بِمَا أَصَابَ مِنْهَا، فَإِنْ تَشَاجَرُوا فَالسُّلْطَانُ وَلِيُّ مَنْ لَا وَلِيَّ لَهُ».
[صحيح] - [رواه أبو داود والترمذي وابن ماجه وأحمد] - [سنن أبي داود: 2083]
المزيــد ...

لە عائیشەوە (دایكی ئیمانداران) -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت:
«هەرئافرەتێک مارە بکرێت بە بێ مۆڵەتی وەلی ئەمرەکەى (سەرپەرشتیارەکەى)؛ ئەوا مارەییەکەى پوچەڵە (دروست نییە)»، عائیشە دەڵێت: سێ جار ڕستەی كۆتایی فەرموو، پاشان -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئەگەر بچێتە لای ئەوا ئافرەتەكە دەبێتە خاوەنی مارەییەكە بەهۆی ئەو سەرجێییەی ڕوویداوە، ئەگەر ناکۆکی کەوتە نێوانیان ئەوا فەرمانڕەوا دەبێتە سەرپەرشتیاری (وەلى ئەمری) ئەو ئافرەتەی کە سەرپەرشتیاری نییە».

[صەحیحە] - - [سنن أبي داود - 2083]

شیکردنەوە

پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- هۆشداریداوە لەوەی ئافرەت خۆی بەشوو بدات بەبێ ئیزنی سەرپەرشتیارەكانی -وەلی ئەمرەكانی-، وئەم مارەییە پوچەڵە، وسێ جار دووبارەی كردەوە، بۆ زیاتر نكۆڵی كردن لێی وپوچەڵكردنەوەی.
پاشان ئەو پیاوەی بەبێ ئیزنی سەرپەرشتیارەكەی دەچێتە لای -لەگەڵی جووت دەبێت-؛ ئەوا هەموو مارەییەكە بۆ ئافرەتەكە دەبێت بەهۆی ئەو جووتبوونەوە.
پاشان ئەگەر سەرپەرشتیارەكانی -وەلی ئەمرەكانی- ئافرەتەكە ناكۆك بن سەبارەت بە سەرپەرشتیاربوون لەسەر گرێبەستەكە؛ ئەوا جێبەجێكردنی گرێبەستەكە بۆ ئەوەیانە كە دەستپێشخەری دەکات ئەگەر ڕەچاوی بەرژەوەندییەكانی ئافرەتەكە بکات، ئەگەر سەرپەرشتیار ڕێگر بێت لە بەشوودانی كچەكە -بە بێ هۆكار- ئەوا وەكو ئەوە وایە سەرپەرشتیاری نەبێت؛ بۆیە فەرمانڕەوا یان نوێنەرەكەی -وەكو دادوەر وهاوشێوەكانی- دەبن بە سەرپەرشتیاری، ئەگەرنا فەرمانڕەوا نابێتە سەرپەرشتیار ئەگەر كەسی نزیكی خۆی سەرپەرشتیاری بن.

لە سوودەکانی فەرموودەکە

  1. ئامادەبوونی وڕازیبوونی وەلی ئەمر -سەرپەرشتیار-؛ مەرجە بۆ دروستێتی ئەو هاوسەرگیریە، ولە ئیبن مونزیر دەگێڕێتەوە كە دەفەرمووێت: نەزانراوە دەربارەی ئەم بابەتە هیچ یەکێک لە هاوەڵان ناکۆکیان هەبوبێت.
  2. لە مارەیی پوچەڵدا؛ ئافرەت شایستە دەبێت بە مارەییەكە بەرامبەر ئەوەی پیاوەكە جووت بووە لەگەڵیدا.
  3. فەرمانڕەوا سەرپەرشتیار ووەلى ئەمری ئەو ئافرەتەیە کە سەرپەرشتیاری نیە، جا بەهۆی ئەوە بێت کە لە بنچینەدا سەرپەرشتیاری نەبێت، یان بەهۆی ئەوە بێت کە وەلی ئەمری ڕێگە نەدات شوو بکات.
  4. فەرمانڕەوا دەبێتە سەرپەرشتیاری -وەلی ئەمری- ئەو ئافرەتەی سەرپەرشتیاری نییە، ئەگەر سەرپەرشتیاری نەبێت یان نەتوانێت ئەركەكەی جێبەجێ بكات، ودادوەر دەبێتە شوێنگرەوەی فەرمانڕەوا؛ چونكە نوێنەریەتی لەم بابەتانەدا.
  5. سەرپەرشتیار لە بەشوودانی ئافرەتدا؛ مانای ئەوە نییە ئافرەتەكە مافی نییە، بەڵكو مافی هەیە ونابێت سەرپەرشتیارەكەی بەشووی بدات مەگەر بە ئیزنی خۆی نەبێت.
  6. مەرجەكانی هاوسەرگیری دروست: 1- دیاریكردنی هاوسەرەكان بە ئاماژە یان بە ناو یان بە وەسف یان هەرشێوازێكی تر. 2- هەردوولا ڕازی بن لە یەكتر وبەرامبەری قبوڵ بێت. 3- سەرپەرشتیاری -وەلی ئەمری- ئافرەتەكە گرێبەستەكە بۆ ئافرەتەكە ئەنجامدەدات. 4- شاهێدی دان لەسەر گرێبەستی هاوسەرگیری.
  7. مەرجە سەرپەرشتیاری -وەلی ئەمری- ئافرەت كە گرێبەستی هاوسەرگیری بە ئەنجام دەگەیەنێت؛ ئەم خاڵانەی تێدا بێت: 1- ئاقڵ وهۆشیار بێت. 2- نێر بێت. 3- باڵغ بێت، بە تەواوكردنی پانزە ساڵ یان لەشگران بوون. 4- ئاینی وەكو ئاینی ئافرەتەكە بێت، بۆیە كافر نابێتە سەرپەرشتیار بەسەر مسوڵمانەوە، ومسوڵمان نابێتە سەرپەرشتیار بەسەر كافرەوە. 5- چاكی ودادپەروەری تێدا بێت و بەپێچەوانەوە فاسق ولادەر نەبێت، ودادپەروەریەكە هێندە بێت كە بتوانێت بەرژەوەندییەكانی بەڕێوەبردنی ئەركی بەشوودان ڕەچاو بكات. 6- دەبێت سەرپەرشتیارەكە هۆشیار وژیر بێت وكەم ئەقڵ نەبێت، بەشێوەیەك بزانێت كە بەرامبەر هاوتایە وڕەچاوی بەرژەوەندییەكانی هاوسەرگیری بكات.
  8. سەرپەرشتیارەكانی -وەلی ئەمرەكانی- ئافرەت لە بەشوودانی ڕیزبەندیان هەیە لەلای زانایان؛ بۆیە نابێت سەرپەرشتیاری نزیكتر پشت گوێ بخرێت مەگەر لەكاتی نەبوونی یان لەكاتی نەبوونی مەرجەكان تێیدا. سەرپەرشتیاری سەرەكی ئافرەت باوكیەتی، پاشان ئەو سەرپەرشتیارەی باوكی دیاری دەكات، پاشان باپیری بەرەو سەرەوە، پاشان كوڕەكانی بەرەو خوارەوە، پاشان براكانی لەدایك وباوكەوە، پاشان براكانی لە باوكەوە، پاشان كوڕەكانی براكانی، پاشان مامەكانی، پاشان مامەكانی باوكی، پاشان كوڕەكانیان، پاشان نزیكتر لەڕوانگەی خزمایەتیەوە هەروەكو میرات، وفەرمانڕەوای مسوڵمان وئەوەی نوێنەریەتی وەكو دادوەر دەبنە سەرپەرشتیاری ئەو ئافرەتەی سەرپەرشتیاری نییە.
وه‌رگێڕانی ماناكان: ئینگلیزی ئۆردی ئەندەنوسی ئیگۆری فەڕەنسی تورکی ڕووسی بۆسنی سینهالی هیندی چینی فارسی ڤێتنامی تاگالۆگ هوسا پورتوگالی مالایالام تلغۆ سه‌واحیلی تایلەندی پەشتۆ ئاسامی سویدی ئەمهەری هۆڵەندی غوجاراتی نیپاڵی مەجەری الجورجية المقدونية
پیشاندانی وەرگێڕانەکان
پۆلێنکردنەکان
  • . .
زیاتر