عن ابن شماسة المهري قال: حَضَرنَا عَمرو بن العاص رضي الله عنه وهُو فِي سِيَاقَةِ الْمَوتِ، فَبَكَى طَوِيلاً، وَحَوَّلَ وَجهَهُ إِلَى الجِدَارِ، فَجَعَلَ ابنَهُ، يقول: يَا أَبَتَاهُ، أَمَا بَشَّرَكَ رسُول الله -صلَّى الله عليه وسلَّم- بكَذَا؟ أمَا بشَّركَ رسول الله -صلَّى الله عليه وسلَّم- بِكَذَا؟ فَأَقبَلَ بِوَجهِهِ، فقَالَ: إِنَّ أَفضَلَ مَا نُعِدُّ شَهَادَةُ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلاَّ الله، وَأَنَّ مُحَمَّدًا رسولُ الله، إِنِّي قَدْ كُنتُ عَلَى أَطْبَاقٍ ثَلاَثٍ: لَقَدْ رَأَيتُنِي وَمَا أَحَدٌ أَشَدَّ بُغْضًا لِرَسُولِ الله -صلَّى الله عليه وسلَّم- مِنِّي، وَلاَ أَحَبَّ إِلَيَّ مِنْ أَنْ أَكُونَ قَدْ اسْتَمْكَنْتُ مِنْهُ فَقَتَلْتُهُ، فَلَوْ مُتُّ عَلَى تِلْكَ الحَالِ لَكُنْتُ مِنْ أَهْلِ النَّارِ، فَلَمَّا جَعَلَ اللهُ الإِسْلاَمَ فِي قَلْبِي أَتَيتُ النَبيَّ -صلَّى الله عليه وسلَّم-، فَقُلتُ: ابْسُطْ يَمِينَكَ فَلِأُبَايِعُكَ، فَبَسَطَ يَمِينَهُ فَقَبَضْتُ يَدِي، فقال: «مَا لَكَ يَا عَمرُو؟» قُلتُ: أَرَدْتُ أَنْ أَشْتَرِطَ، قال: «تَشْتَرِطُ مَاذَا؟» قُلتُ: أَنْ يُغْفَرَ لِي، قال: «أَمَا عَلِمتَ أَنَّ الإِسْلاَمَ يَهْدِمُ مَا كَانَ قَبْلَهُ، وَأَنَّ الهِجْرَةَ تَهْدِمُ مَا كَانَ قَبْلَهَا، وَأَنَّ الحَجَّ يَهْدِمُ مَا كَانَ قَبْلَهُ؟» وَمَا كَان أَحَدٌ أَحبَّ إِلَيَّ مِنْ رسُول الله -صلَّى الله عليه وسلَّم- وَلاَ أَجَلَّ فِي عَينِي مِنْهُ، وَمَا كُنْتُ أُطِيقُ أَنْ أَمْلَأَ عَينِي مِنْهُ؛ إِجْلاَلاً لَهُ، وَلَوْ سُئِلْتُ أَنْ أَصِفَهُ مَا أَطَقْتُ؛ لِأَنِّي لَمْ أَكُنْ أَمْلَأُ عَينِي مِنْهُ، وَلَوْ مِتُّ عَلَى تِلْكَ الحَالِ لَرَجَوْتُ أَنْ أَكُونَ مِنْ أَهْلِ الجَنَّةِ، ثُمَّ وَلِينَا أَشْيَاءَ مَا أَدْرِي مَا حَالِي فِيهَا؟ فَإِذَا أَنَا مِتُّ فَلاَ تَصْحَبْنِي نَائِحَةٌ وَلاَ نَارٌ، فَإِذَا دَفَنْتُمُونِي، فَشُنُّوا عَلَيَّ التُرَابَ شَنًّا، ثُمَّ أَقِيمُوا حَولَ قَبرِي قَدْرَ مَا تُنْحَرُ جَزُور، وَيُقْسَمُ لَحْمُهَا، حتَّى أَسْتَأْنِسَ بِكُم، وَأَنْظُر مَا أُرَاجِعُ بِهِ رُسُلَ رَبِّي.
[صحيح] - [رواه مسلم]
المزيــد ...
ئیبن شەماسە المهري دەڵێت: هاتين بۆ لای عەمرو کوڕی عاص -ڕەزاى خواى لێبێت- لە سەرەمەرگدا بوو، زۆر گريا وڕووی کرده دیوارەکە، وایكرد له كوڕەکەى كه بڵێت: ئەی باوکە، ئايا پێغەمبەری خودا -صلى الله علیه وسلم- مژدەی فڵان شتی پێ نەدایت؟ ئايا مژدەی فڵان شتى پێ نەدایت؟ دەڵێت: ئینجا ڕووی تێكردین و ووتى: باشترين شت كە ئامادەی بكەیت: شاهێدی دانە بە (لا إله إلا الله ومحمد رسول الله) واتا: (هيچ پەرستراوێک هەق وڕاست نیە جگه له (الله) ومحمدیش پەیامبەر ونێردراوی خودایە)، من لە سەر سێ حاڵ بووم: كاتێک هەبوو كەس وەکو من ڕقی لەپێغەمبەرى خودا -صلى الله علیه وسلم- نەبوو، هیچیشم ئەوەندە پێخۆش نەبوو كە دەستم بە سەر کوشتیندا بڕۆیشتایە ئەگەر لەسەر ئەو حاڵەیان بمردمایە؛ ئەوا دەچوومە دۆزەخەوە. کاتێک خوای گەوره ئیسلامى خسته دڵمەوە، هاتم بۆ خزمەتی پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- و ووتم: دەستت درێژ بکه با پەيمانت (بەیعەتت) بدەمێ، دەستى درێژکرد بەڵام من دەستم گێڕایەوە، فەرمووى: «ئەوە چیته ئەی عەمرو؟»، ووتم: ویستم مەرج دابنێم، فەرمووی: «چی مەرجێک دادەنێت؟»، ووتم: لە گوناهەکانم ببوردرێت، فەرمووى: «ئايا نازانى ئیسلام ھەرچى لە پێش خۆیدا هەبووه هەڵیدەوەشێنێتەوە وکۆچیش ھەرچى لە پێش خۆیدا هەبووه هەڵیدەوەشێنێتەوە، وحەجیش ھەرچى لە پێش خۆيدا هەبووە هەڵیدەوەشێنێتەوە؟»، پاش ئەمە کەس نەبوو هێندەی پێغەمبەر -صلى الله علیه وسلم- لە لام خۆشەويست بێت، کەسیش ئەوەندە شکۆدار نەبوو لە بەرچاومدا، من نەمدەتوانى چاوم تێر بکەم لە سەيرکردنى لە بەر شكۆداريى، خۆ ئەگەر پرسیارم لێ بكرایە که وەسفى بكەم نەمدەتوانی، چونكە نەمدەتوانى تێر سەيرى بكەم، ئەگەر لەسەر ئەو حاڵه بمردمایە تكام وابوو لە خەڵکى بەهەشت بم، ئینجا شتانێکمان درایه دەست نازانم حاڵم چۆنە تێیدا؟، جا ئەگەر لەسەر ئەم حاڵه مردم با شين وشەپۆڕ و(مەشخەڵى) ئاگر یاوەرم نەبێت، ئەگەر شاردمتانەوه خۆڵ بپژێنن بەسەرمدا ئینجا به دەوری گۆڕەکەمدا بووەستن بە ماوەى ئەوەندەی وشترێك سەرببڕێت وگۆشتەکەی دابەش بکرێت. با دڵم پێتان خۆش بێت وبزانم چۆن وەڵامى فریشتەکانى پەروەردگارم دەدەمەوە.
[صەحیحە] - [موسلیم گێڕاویەتیەوە]
ئەم فەرموودەیە موژدە دان وپیرۆزبایی لێکردنی تێدایە بە خێر، وپوختەی ئەم باسە مەزنە ئەوەیە، هاوەڵانێکی عەمروی کوڕی عاص -ڕەزاى خواى لێبێت- هاتن بۆ لای لە کاتی سەرە مەرگیدا؛ ڕووی کرد لە دیوارەکە وزۆر گریا، وکوڕەکەى پێی ووت: بۆچی دەگریت لە کاتێکدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موژدەی بەهەشتی پێداویت؟ (عەمرو) ووتی: ئەی کوڕی من لە سەر سێ حاڵەت بووم، پاشان باسیانی کرد: زۆر ڕقی لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوو، کەس وەکو ئەو ڕقی لێی نەبوو، وخۆزگەی دەخواست کە بیتوانیایە بیکوشتایە، وئەمەیش ئەوپەڕی کوفرە، هەتا خواى گەورە ئیسلامی خستە دڵیەوە وهات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-، و ووتی: ئەی پێغەمبەرى خودا، دەستت درێژ بکە بۆ ئەوەى بەیعەتت پێبدەم لە سەر ئیسلام، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- جوانترین ڕەوشتی هەبوو ودەستی درێژ کرد، بەڵام عەمروی کوڕی عاص دەستی گەڕاندەوە، نەک وەکو خۆبەگەورەزانینێک، بەڵکو بۆ دڵنیا کردنەوەیەک لە سەر ئەو باسەی دەیڵێت، پێی فەرموو: (ئەوە چیتە؟)، عەمرو ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، من مەرجم هەیە بۆ مسوڵمان بووم (پابەند بوونم بە ئیسلام)، فەرمووی: (مەرجەکەت چییە؟)، ووتی: مەرجەکەم ئەوەیە کە خواى گەورە لە هەموو کوفر وتاوانەکانى پێشووم خۆش بێت، وئەمەیش گەورەترین غەمی بوو -ڕەزاى خواى لێبێت-، وپێی وا بوو کە خواى گەورە لە تاوانەکانى پێشووی خۆش نابێت، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: (ئايا نازانى ئیسلام ھەرچى لە پێش خۆیدا هەبووه هەڵیدەوەشێنێتەوە وکۆچیش ھەرچى لە پێش خۆیدا هەبووه هەڵیدەوەشێنێتەوە، وحەجیش ھەرچى لە پێش خۆيدا هەبووە هەڵیدەوەشێنێتەوە؟) سێ شتی باسکرد. سەبارەت بە ئیسلام: تاوانەکانى پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە (واتا خودا لێی خۆش دەبێت)، ئەمیش بە دەقی قورئانی پیرۆز، خواى گەورە دەفەرموێت: {قُل لِّلَّذِينَ كَفَرُوا إِن يَنتَهُوا يُغْفَرْ لَهُم مَّا قَدْ سَلَفَ وَإِن يَعُودُوا فَقَدْ مَضَتْ سُنَّتُ الْأَوَّلِينَ}[الأنفال: 38]، واته:{ئەی محمد صلى الله علیه وسلم بە كافران بڵێ: ئەگەر دەست هەڵبگرن لە كوفر ودژایەتی كردنى پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم وموسڵمان بن و بە تاك وتەنها خواى گەورە بپەرستن؛ ئەوا پێشتر چ تاوانیان كردووە لە كوفر ودژایەتی ئەوا خوای گەورە لە هەر هەمووی خۆش دەبێت، بەڵام ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ دژایەتی و كوفر وكوشتاری مسوڵمانان ئەوا ڕێبازی خوای گەورە لە نەتەوەكانی پێشترا تێپەڕیوە تەماشا بكەن بزانن چۆن خوای گەورە لە ناوی بردوون ئێوەش بەو شێوازە لە ناو دەبات}. وکۆچکردن (هیجرەت): ئەگەر مرۆڤ کۆچ بکات لە وڵاتەکەی خۆی ئەگەر وڵاتی کوفر بێت بۆ وڵاتی ئیسلام؛ ئەوا خواى گەورە لە تاوانەکانى پێشووی خۆش دەبێت. وحەجکردن: هۆکاری لێخۆشبوونە لە تاوانەکانى پێشووتر، هەروەکو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (من حج لله، فلم يرفث، ولم يفسق رجع كيوم ولدته أمه )، واتا : (ھەرکەسێک حەج بکات، وھیچ وتە وگوفتار وکردارێکی نابەجێ ئەنجام نەدات وتاوان نەکات، ئەوا بێ گوناهـ و تاوان دەگەڕێـتەوە؛ وەکو ئەوە وایە ئەو ڕۆژە لە دایک بووە). عەمرو -ڕەزاى خواى لێبێت- بەیعەتی دا وپێغەمبەری خۆشویست -صلى اللە علیە وسلم- تا ئاستێک کە خۆشەویستترین کەس بوو لە لای، هەتا نەیدەتوانى چاوی تێر بکات لە بینینی ئەمیش وەکو بە شکۆداری وگەورەدانانێک بۆ ئەم پەیامبەرە -صلى اللە علیە وسلم-، سبحان الله (پاک وبێگەردی بۆ پەروەردگاری مەزن) کە دڵەکان هەڵدەگێڕێتەوە بە هەر شێوەیەک کە خۆی بیەوێت! دوێنێ زۆر ڕقی لێی بوو، هەتا خۆزگەی دەخواست کە بیکوژێت، بەڵام ئێستا ناتوانێت چاوی تێر بکات لە بینینی، وناتوانێت وەسفی بکات، ئەمیش وەکو هەیبەت وڕێزگرتنێک بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم-. عەمرو -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: ئەگەر لە سەر حاڵەتی یەکەم بمردایە؛ ئەوا لە ئەهلی دۆزەخ دەبوو، دەڵێت: ئەگەر لە سەر حاڵەتی دووەم بمردایە (واتا پاش مسوڵمان بوونی)؛ ئەوا هیوای ئەوە بوو کە لە ئەهلی بەهەشت بێت. تێبینی بکەن وئاگاداری قسەکانى بن کە دەڵێت: بە دڵنیایەوە ئەگەر لە سەر حاڵەتی یەکەم بمردایە ئەوا لە ئەهلی دۆزەخ بوو، بەڵام لە حاڵەتی دووەمدا بە هۆی زۆری ترسەوە ووتی: ئەگەر لە سەر حاڵەتی دووەم بمردایە ئەوا هیوا ئەوە بوو کە لە ئەهلی بەهەشت بێت، نەیووت لە ئەهلی بەهەشتە، چونکە شاهێدی دان بۆ چوونە بەهەشت وتەیەکی قورس وگرانە. پاش ئەوە بوو بە دەسەڵاتدار وئەمیر -ڕەزاى خواى لێبێت-، وئەوەى ڕوویدا ڕوویدا لە چیرۆکی جەنگی موعاویە وجگە لە ئەو، وعەمروی کوڕی عاص -ڕەزاى خواى لێبێت- ناسراو بوو بەوەى کە یەکێک بوو لە زیرەکترین پیاوەکانى عەرەب، دەڵێت: ئەوەی ڕوویدا لە حاڵەتی سێیەمدا دەترسم کاریگەری هەبوو بێت لە سەر کردەوەکانم. پاشان وەسیەتی کرد -ڕەزاى خواى لێبێت- کە مرد نیاحەی بۆ نەکەن (نیاحە: واتە گریان وهاوار کردن بۆ مردوو)، وفەرمانى بەوە کرد کە پاش لە گۆڕ دانانى بۆ ماوەیەک لە سەر گۆڕەکەى بمێننەوە، هەتا بزانێت حاڵی چۆن دەبێت لە گەڵ ئەو فریشتانەى دێن بۆ لای، چونکە کاتێک کەسێک بمرێت دوو فریشتە دێن بۆ لای ودایدەنیشێن لە ناو قەبرەکەى، وسێ پرسیاری لێدەکەن: پەروەردگارت کێیە؟ چی ئاینێکت هەیە؟ کێ پێغەمبەرتە؟. فەرمانى کرد ماوەیەک لە سەر گۆڕەکەى بمێننەوە بە قەد ماوەی سەربڕینی وشترێک ودابەشکردنی گۆشتەکەى؛ ئەمیش بۆ ئەوەى دڵی پێیان خۆش بێت، وئەمیش بەڵگەیە لە سەر ئەوەى کە مردوو هەست بەوانە دەکات کە لە گۆڕی دەنێن، ولە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- هاتووە کە گوێی لە دەنگی نەعلەکانیانە ئەگەر تەواو بن لە دانانى لە گۆڕەکەدا. ولە فەرموودەی تردا هاتووە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر مردوویەکی لە گۆڕ دابنرایە ئەوا بۆ ماوەیەک لە سەر گۆڕەکەى ڕادەوەستا، ودەیفەرموو: (استغفروا لأخيكم، واسألوا له التثبيت؛ فإنه الآن يسأل)، واته: (داواى لێخۆشبوون بکەن بۆ براکەتان وداواى جێگیر بوونی بۆ بکەن؛ چونکە ئەو ئێستا پرسیاری لێدەکرێت)، بۆیە سونەتە کاتێک مردوو لە گۆڕ دانرا بۆ ماوەیەک لە سەر گۆڕەکەى بمێنینەوە وبڵێین: (اللهم ثبته، اللهم ثبته، اللهم ثبته، اللهم اغفر له، اللهم اغفر له، اللهم اغفر له)، واته: (خودایە جێگری بکە، خودایە جێگری بکە، خودایە جێگری بکە، خودایە لێی خۆش بە، خودایە لێی خۆش بە، خودایە لێی خۆش بە)، چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر داواى سەلامەت بوون (جێگیربوون) ولێخۆشبوونی بکردایە بۆ مردووەکە سێ جار دووبارەیانی دەکردەوە. وسەرەنجام کوڕەکەى عەمروی کوڕی عاص پێی ووت: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- موژدەی چوونە بەهەشتی بە تۆ داوە، وئەمیش بۆ موژدە دان بە خێر وپیرۆزبایی کردن.