عن أبي هريرة رضي الله عنه قال: قالوا: يا رسول الله هل نَرى ربَّنا يوم القيامة؟ قال: «هل تُضارُّون في رؤية الشمس في الظَّهِيرة، ليست في سحابة؟» قالوا: لا، قال: «فهل تُضارُّون في رؤية القمر ليلة البدر، ليس في سحابة؟» قالوا: لا، قال: " فوالذي نفسي بيده لا تُضارُّون في رؤية ربكم، إلا كما تُضارُّون في رؤية أحدهما، قال: فيَلْقى العبد، فيقول: أي فُل أَلَم أُكْرِمْك، وأُسَوِّدْك، وأُزَوِّجك، وأُسَخِّر لك الخيل والإبل، وأَذَرْك تَرْأَس، وتَرْبَع؟ فيقول: بلى، قال: فيقول: أفظننتَ أنك مُلاقِي؟ فيقول: لا، فيقول: فإني أنساك كما نَسِيتَني، ثم يلقى الثاني فيقول: أيْ فُل أَلَم أُكْرِمْك، وأُسَوِّدْك، وأُزَوِّجك، وأُسَخِّر لك الخيل والإبل، وأَذَرْك تَرْأَس، وتَرْبَع؟ فيقول: بلى، أيْ ربِّ فيقول: أفظننتَ أنك مُلاقِي؟ فيقول: لا، فيقول: فإني أنساك كما نَسِيتَني، ثم يلقى الثالث، فيقول له مثل ذلك، فيقول: يا ربِّ آمنتُ بك، وبكتابك، وبرسلك، وصليتُ، وصمتُ، وتصدَّقتُ، ويُثني بخير ما استطاع، فيقول: هاهنا إذًا، قال: ثم يقال له: الآن نبعث شاهدَنا عليك، ويتفكَّر في نفسه: مَن ذا الذي يَشهد عليَّ؟ فيُختَم على فيه، ويقال لفَخِذه ولحمه وعظامه: انطِقي، فِتِنْطِق فخِذه ولحمه وعظامه بعمله، وذلك ليُعْذِرَ من نفسه، وذلك المنافق وذلك الذي يسخط الله عليه.
[صحيح] - [رواه مسلم]
المزيــد ...
لە ئەبو هورەیرەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا ئايا پەروەردگارمان له ڕۆژی قيامەتدا دەبینین؟ فەرمووى: «ئايا تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک دەبن لە بینينى خۆر لە نيوەڕۆدا بە بێ ئەوەی پەڵە هەور پێشی گرتبێت؟ ووتیان: نەخێر، فەرمووی: «ئایا تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک دەبن لە بینینی مانگ له شەوی چواردەدا بە بێ ئەوەی پەڵە هەور پێشی گرتبێت؟ ووتیان: نەخێر، فەرمووى: «سوێند بە ئەو زاتەی گیانى منى بەدەستە، بۆ بينينى پەروەردگارتان تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک نابن مەگەر ئەوەندە نەبێت بۆ بينينى یەكێك لەو دووانه -خۆر ومانگ- تووشی ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆ ببن (واتا تووشی هیچ ناڕەحەتیەک نابن لە بینینی پەروەردگارتان)، خوای گەورە لە دیداری بەندەکەی دەفەرموێت: ئەی فڵان، ئايا ڕێزم لێنەگرتیت و سەروەری ودەسەڵاتم پێنەبەخشیت وهاوسەرم پێنەدایت، ئەسپ و وشترم بۆ نەهێنایتە ژێربار، لێتنەگەڕام ببيته سەرۆك وباج وخەراج بسێنیت (لە خەڵکی)؟ (بەندەکە) دەڵێت: بەڵێ. پەروەردگار دەفەرمووێت: ئايا بە ئومێدى ئەوەبوویت بە دیدارى من بگەیت؟ ئەویش دەڵێت: نەخێر. پەروەردگار دەفەرموێت: منیش له بیرت دەکەم هەروەکو چۆن تۆ منت له بيرکرد، ئینجا دەگات بە دووەم کەس ودەفەرموێت: فڵان، ئايا ڕێزم لێنەگرتیت و سەروەری ودەسەڵاتم پێنەبەخشیت وهاوسەرم پێنەدایت، ئەسپ و وشترم بۆ نەهێنایتە ژێربار، لێتنەگەڕام ببيته سەرۆك وباج وخەراج بسێنیت (لە خەڵکی)؟ (بەندەکە) دەڵێت: بەڵێ. پەروەردگار دەفەرمووێت: ئايا بە ئومێدى ئەوە بوویت بە دیدارى من بگەیت؟ ئەویش دەڵێت: نەخێر. پەروەردگار دەفەرموێت: منیش له بیرت دەکەم هەروەکو چۆن تۆ منت له بيرکرد، ئینجا دەگات به سێیەم کەس وهەمان شتی پێدەفەرموێت، ئەویش (بەندەکە) دەڵێت: ئەی پەروەردگار، باوەڕم بە تۆ وکتێبەکەت وپێغەمبەرانت هێنا، ونوێژم کرد وڕۆژووم گرت وخێرم کرد،وبە چاكترین شێوه چەندە بتوانێت ستایشى خۆی دەكات، پەروەردگار دەفەرموێت: كەواتە لێرەدا ڕاوەستە. پاشان پێی دەووترێت: ھەر ئێستا شاهێدی خۆمانت بۆ سەر دەنێرین، دەکەوێته بيرکردنەوه له نەفسی خۆی؛ ئایا کێ دەبێت شاهێدیم لەسەر بدات؟ ئینجا مۆر دەدرێت بە سەر دەميدا، وبە ڕان وئێسك وگۆشتى دەووترێت: قسە بکەن (بێنە گۆ)! ئینجا ڕان وئێسك وگۆشتى قسە دەکەن (دێنە گۆ) وشاهێدی دەدەن لەسەر كردەوەكانى، ئەمەیش بۆ ئەوەی بیانووی بۆ نەمێنێت، ئەمە دووڕووە (مونافیقە)، ئەو كەسەيە كه خودا لێی توڕە دەبێت».
[صەحیحە] - [موسلیم گێڕاویەتیەوە]
هەندێک لە هاوەڵان ووتیان: ئەی پێغەمبەری خودا! ئایا پەروەردگارمان دەبینین لە ڕۆژی قیامەتدا؟ -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (ئايا تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک دەبن لە بینينى خۆر لە نيوەڕۆدا بێ ئەوەی پەڵە هەور پێشی گرتبێت؟): واتا ئایا تووشی ناکۆکی وبەیەکداچوونێک دەبن کە تووشی زیانتان بکات بۆ بینینی خۆر لە کاتی بەرزبوون ودیاربوونی لە ئاسماندا وبڵاوبوونەوەى تیشکەکەى لە هەموو سەر زەویدا، بەشێوەیەک هیچ پەڵە هەورێک لە پێشی نەبێت کە نەهێڵێت تیشکی خۆرەکە بە ئێوە بگات؟ هاوەڵان ووتیان: نەخێر. وهەروەها -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: (ئایا تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک دەبن لە بینینی مانگ له شەوی چواردەدا بە بێ ئەوەی پەڵە هەور پێشی گرتبێت؟): واتا ئایا تووشی ناکۆکی وبەیەکداچوونێک دەبن کە تووشی زیانتان بکات بۆ بینینی مانگ لە شەوی چواردە وکامڵ بوونی ودەرکەوتنی لە ئاسماندا، بەشێوەیەک هیچ پەڵە هەورێک لە پێشی نەبێت کە نەهێڵێت مانگەکە ببینن؟. هاوەڵان ووتیان: نەخێر. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووى: (سوێند بە ئەو زاتەی گیانى منى بەدەستە، بۆ بينينى پەروەردگارتان تووشی هیچ ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆیەک نابن مەگەر ئەوەندە نەبێت بۆ بينينى یەكێك لەو دووانه -خۆر ومانگ- تووشی ناڕەحەتی وپاڵەپەستۆ ببن -واتا تووشی هیچ ناڕەحەتیەک نابن لە بینینی پەروەردگارتان-): واتا بینینێکی ڕوونە، بە بێ هیچ گومان وگفتوگۆیەک بە شێوەیەک یەکێکتان ئەوی تر بە درۆ بخاتەوە، هەروەکو چۆن گومان نییە لە بینینی خۆر ومانگ، وکەس گومانی نییە لە بینینیان، لێکچوون لێرەدا مەبەست لێی بینینی خودایە لە سەرەوەى بوونەوەرەکان هەروەکو چۆن خۆر ومانگ دەبینرێت لە ئاسماندا لە سەرەوەى بوونەوەرەکانن بە ڕوونی وئاشکرا دیارن؛ بە شێوەیەک کەسی گومانى نییە لە بینینیان، ولێرەدا مەبەست لە چواندنی خۆر ومانگ نییە بە خودا، پەنا بە خودا، چونکە هیچ شت وکەسێک لە پەروەردگار ناچێت -سبحانه وتعالى-. پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ڕووداوێک لە ڕووداوەکانى ڕۆژی قیامەت دەکات، ئەویش ئەوەیە پەروەردگار -سبحانه وتعالى- قسە لەگەڵ یەکێک لە بەندەکانى دەکات ودانی پێدا دەنێت سەبارەت بە ئەو نیعمەتانەى کە خواى گەورە پێی بەخشی بوو لە دونیادا، وپێی دەفەرموێت: ئەی فڵان، فەزڵم بە تۆ بەخشی وتۆم کرد گەورەی گەلەکەت، وهاوسەرم پێت بەخشی وخۆشەویست وڕەحمەت خستە نێوان تۆ وئەو، وئەسپ و وشتر بۆ هێنایتە ژێربار، وچارەکێکی دەستکەوتەکانت بۆ خۆت دەبرد؛ چونکە پادشاکانى جاهیلیەت بەو شێوە بۆ خۆیان دەیانبرد، بۆیە بەندە دان بەم هەموو نیعمەتە دەنێت. پەروەردگار دەفەرموێت: ئایا باوەڕت بەوە هەبوو کە بە دیداری من بگەیت؟ بەندە دەڵێت: نەخێر. پەروەردگار -سبحانه وتعالى- دەفەرموێت: (ئەمڕۆ، منیش تۆ لە بیر دەکەم هەروەکو چۆن تۆ منت لە بیرکرد): واتا ئەمڕۆ لە ڕەحمەتی خۆم دوورت دەخەمەوە هەروەکو چۆن تۆ منت نەپەرست لە دونیادا وباسی قیامەت وکردەوە کردنت بۆ قیامەت پشتگوێ خست، واتای لەبیر کردن لێرەدا بە ماناى ئەوە دێت کە خواى گەورە لە ڕەحمەتی خۆی دووری دەکاتەوە بە زانینەوە -واتا: لە بیرکردن بە زانینەوە-، هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: {فَذُوقُواْ بِمَا نَسِيتُمۡ لِقَآءَ يَوۡمِكُمۡ هَٰذَآ إِنَّا نَسِينَٰكُمۡۖ وَذُوقُواْ عَذَابَ ٱلۡخُلۡدِ بِمَا كُنتُمۡ تَعۡمَلُونَ}[السجدة: 14]، واتە:{کەواتە (سزای دۆزەخ) بچێژن، چونکە گەیشتن بە ئەم ڕۆژەتان لە بیرکرد بوو بە ڕاستی ئێمەش ئێوەمان لە بیرخۆمان بردەوە وسزای بەردەوام بچێژن بەھۆی ئەوەی دەتانکرد -لە دونیادا-}. پاشان خواى گەورە قسە لە گەڵ بەندەیەکی تر دەکات، پاشان پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وەکو کەسی یەکەم باسی ئەو نمونانەى کرد سەبارەت بە نیعمەتەکانى خواى گەورە لەسەر ئەو کەسە ودانپێدانانى ئەو کەسە وبەهەمان شێوەى یەکەم کەس وەڵامدەداتەوە وخواى گەورە هەمان وەڵامی دەداتەوە وەکو وەڵامدانەوەى بۆ کەسی یەکەم. وپاشان خواى گەورە قسە لەگەڵ کەسی سێیەم دەکات، وهەمان شتی پێ دەفەرموێت، وئەم کەسە دەڵێت: ئەی پەروەردگار باوەڕم بە تۆ وکتێبەکەت وپێغەمبەرانت هێنا، ونوێژم کرد وڕۆژووم گرت وخێرم کرد، وبە چاكترین شێوه چەندە بتوانێت ستایشى خۆی دەكات، پەروەردگار لێرەدا دەفەرمووێت: (كەواتە لێرەدا ڕاوەستە): واتا ئەوەندە بەسە کە ستایشی خۆتت کرد؛ بۆ ئەوەى کردەوەکانت پێ نیشان بدەین وشاهێدی لەسەرت بدەن، پاشان پێی دەووترێت: ئێستا شاهێدەکانت بۆ دەهێنین، کەسەکە بیردەکاتەوە لە نەفسی خۆیدا، ئایا ئەمە کێیە شاهێدی لەسەرم دەدات؟! خواى گەورە مۆر لەسەر دەمی دەدات وناتوانێت قسە بکات وبە ئەژنۆ وگۆشت وئێسکەکانى دەووترێت: قسە بکەن، بۆیە ئەژنۆ وگۆشت وئێسکەکانى قسە دەکەن، (ئەمەیش بۆ ئەوەی بیانووی بۆ نەمێنێت): واتا ئەم ئەندامانە دێنە گۆ بۆ ئەوەى عوزر وبیانووی بۆ نەمێنێت لە نەفسی خۆیدا بەهۆی زۆری تاوانەکانیەوە وشاهێدی دانى ئەندامەکانى لەسەری؛ وهیچ بیانوویەکی بۆ نامێنێت، وئەم بەندەیە دووڕووە (مونافیقە)، ئەو كەسەيە كه خودا لێی توڕە دەبێت.