عن حذيفة -رضي الله عنه - قال: أُتَي الله تعالى بِعبْد من عِباده آتاه الله مالاً، فقال له: ماذا عَمِلْت في الدنيا؟ -قال: «ولَا يَكْتُمُونَ اللهَ حَدِيثًا»- قال: يا رَبِّ آتَيْتَنِي مَالَك، فكُنت أُبَايعُ الناس، وكان من خُلُقِي الجَوَاز، فكُنت أَتَيَسَّرُ على المُوسِرِ، وأنْظِر المُعْسِر. فقال الله تعالى : «أنا أحَقُّ بِذَا مِنك تَجَاوزُوا عن عَبْدِي» فقال عُقْبَة بن عَامر، وأبو مسعود الأنصاري رضي الله عنهما : هكذا سَمِعْنَاه من فِيِّ رسول الله صلى الله عليه وسلم .
[صحيح] - [متفق عليه، وهذا لفظ مسلم]
المزيــد ...
لە حوزەیفەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «بەندەیەکی خواى گەورەیان هێنا کە خودا پارە وسامانی پێبەخشي بوو»، پێی دەفەرموێت: «چی کردەوەیەکت ئەنجامدا لە دونیادا؟»، (حوزەیفە) دەڵێت: {وَلَا يَكْتُمُونَ ٱللَّهَ حَدِيثًا} [النساء: 42] واتە: {وە (لەو ڕۆژەدا) ھیچ قسە وباسێک لە خودا ناشارنەوە}، (بەندەکە) دەڵێت: ئەی پەروەردگار سامانت پێبەخشیم، مامەڵەی کڕین وفرۆشتنم لەگەڵ خەڵکی دەکرد، یەکێک لە ڕەوشتەکانم ئەوە بوو کە لێبووردە ونەرم ونیان بووم (بەرامبەر ئەوانەى قەرزم بە لایانەوە بوو)، نەرم ونیان بووم بەرامبەر ئەو کەسەی توانای هەبوو (بۆ دانەوەى قەرزەکە)، ومۆڵەتی زیاترم دەدا بە ئەوەى تواناى نەبوو (بۆ دانەوەى قەرزەکە)، خواى گەورە فەرمووی: «من شایستەترم (بەو کردەوەیە) زیاتر لە تۆ؛ چاوپۆشی بکەن لە بەندەکەم». عوقبەی کوڕی عامر وئەبو مەسعودی ئەنساڕی -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێن: بەم شێوەیە بیستمان لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم-.
[صەحیحە] - [موسلیم گێڕاویەتیەوە]
شیکردنەوەى فەرموودەکە: (بەندەیەکی خواى گەورەیان هێنا کە خودا پارە وسامانی پێبەخشي بوو)، پەروەردگاری پرسیاری لێدەکات: (چی کردەوەیەکت ئەنجامدا لە دونیادا بەو پارەو سامانە؟، پاشان (حوزەیفە) ئەم ئایەتە دەخوێنێتەوە: {وَلَا يَكْتُمُونَ ٱللَّهَ حَدِيثًا} [النساء: 42] واتە: {وە (لەو ڕۆژەدا) ھیچ قسە وباسێک لە خودا ناشارنەوە}، واتا هیچ کەسێک ناتوانێک هیچ شتێک بشارێتەوە لە خواى گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا، هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: {يَوْمَ تَشْهَدُ عَلَيْهِمْ أَلْسِنَتُهُمْ وَأَيْدِيهِمْ وَأَرْجُلُهُم بِمَا كَانُوا۟ يَعْمَلُونَ} [النور: 24] واتە: {ڕۆژێک (دێت) زمانیان ودەست وقاچەکانیان شاهێدی دەدەن لەسەریان -لە دژیان- بەهۆی کردەوانەی کە کردوویانە}، (بەندەکە) دەڵێت: (ئەی پەروەردگار سامانت پێبەخشیم، مامەڵەی کڕین وفرۆشتنم لەگەڵ خەڵکی دەکرد)، یەکێک لەو ڕەوشتە جوانانەى لەگەڵ خەڵکی بریتی بوو لە لێبووردە بوون وئاسانکاری ووتی: (یەکێک لە ڕەوشتەکانم ئەوە بوو کە لێبووردە ونەرم ونیان بووم -بەرامبەر ئەوانەى قەرزم بە لایانەوە بوو-، نەرم ونیان بووم بەرامبەر ئەوە کەسەی توانای هەبوو -بۆ دانەوەى قەرزەکە-): واتا ئاسانکار بوو بەرامبەر ئەو کەسەی کە بە تەواوەتی قەرزەکەى نەدەدایەوە لەبەر بێ توانایی وهەرچەندێکی هەبووایە لێی وەریدەگرت. (ومۆڵەتی زیاترم دەدا بە ئەوەى تواناى نەبوو -بۆ دانەوەى قەرزەکە-): واتا ئارامگر بوو بەرامبەر ئەو کەسەی تواناى نەبوو قەرزەکەى بداتەوە، بۆیە لێی خۆش دەبوو یان مۆڵەتی زیاتر پێی دەدا بۆئەوەى بتوانێت قەرزەکەى بداتەوە. خواى گەورە فەرمووی: (من شایستەترم -بەو کردەوەیە- زیاتر لە تۆ): واتا چونکە تۆ لێبووردە بوویت بەرامبەر بەندەکانم، بۆیە من شایستەترم بەوەى لێت خۆشم ببم. (چاوپۆشی بکەن لە بەندەکەم): واتا خودا بە فریشتەکان دەفەرموێت کە چاوپۆشی لێبکەن وسزای مەدەن وگوناهەکانی لەسەر لابەن؛ بۆیە خودا لە هەموو گوناهەکانى خۆش دەبێت بەهۆی لێبووردە بوون وجوانی مامەڵەکردنی لەگەڵ بەندەکانی خواى گەورە، پاداشتی چاکە چاکەیە. عوقبەی کوڕی عامر وئەبو مەسعودی ئەنساڕی -ڕەزای خوایان لێبێت- دەڵێن: (بەم شێوەیە بیستمان لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم-): واتا ئەوەى حوزەیفە گێڕایەوە لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەوانیش بەهەمان شێوە بیستیان لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- بە بێ زیاد وکەم.