عن أبي هريرة رضي الله عنه : «نهى رسول الله صلى الله عليه وسلم أن يبيع حاضرٌ لباد، ولا تناجشوا. ولا يبَعِ ِالرجل على بيع أخيه، ولا يخطب على خطبته ، ولا تسأل المرأة طلاق أختها لتِكْفَأَ ما في صَحفَتِهَا».
[صحيح] - [متفق عليه]
المزيــد ...
لە ئەبی هورەیرەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەهی کردووە لەوەی شتومەکەکانى (بەرهەمەکانى) کەسی گوندنیشین (کەسی دەرەی شار) بفرۆشێت لە لایەن کەسی نیشتەجێووی شارەوە (واتە نابێت لەجیاتی وبەناوى ئەوەوە بیفرۆشێت)، ومامەڵە بە نەجش مەکەن (نەجش واتە نرخێکی زیاتر بدات بە شتێک کە نایەوێت بیکڕێت بۆ نمونە لە مەزاددا بەڵکو ئەم کارە دەکات بۆ ئەوەى نرخی شتومەکەکە بەرز بکاتەوە وکڕیارەکانى تر هەڵبخەڵەتێنێت)، ونابێت مسوڵمانێک بڕێک پارەی زیاتر بدات بۆ کڕینی شتومەکێک کە برا مسوڵمانەکەى پێش ئەو لە کڕینیدایە، ونابێت مسوڵمان بچێتە داخوازى ئافرەتێک کە برا مسوڵمانی پێش ئەو لە داخوازیدایە، نابێت هیچ ئافرەتێک داواى تەڵاقدانی ئافرەتێکی تر (هەوێکەى) بکات بۆ ئەوەى (ئافرەتەکەى تر یان هەوێکەى) بێبەش بکات لە مافەکانى وخۆی شوێنی بگرێتەوە».
[صەحیحە] - [بوخاری و موسلیم هاوڕان لەسەری]
شەریعەت فەرماندەکات بە لابردن ولە ڕەگ دەرهێنانى هەر هۆکارێک کە ببێتە هۆی دوژمنایەتی وڕقایەتی لە نێوان تاکەکانى کۆمەڵگای مسوڵماندا، بۆیە ئەمەش بە ڕوونی لەم دەقەوە دەردەکەوێت، بۆیە لەم فەرموودەدا نەهی کراوە لە زیاد کردنی نرخ ئەگەر کەسەکە مەبەستی کڕینی نەبێت؛ بەڵکو بۆ سوودی فرۆشیارەکان بێت، وبۆ زیان لێدان بێت لە کڕیارەکان ئەمیش بە زیاد کردنی نرخەکە لەسەریان، ونەهی لەم کارە کراوە چونکە درۆ وهەڵخەڵەتاندنی کڕیارەکانى تێدایە، وبەرزکردنەوەى نرخەکانى تێدایە لە ڕێگای فێڵ وهەڵخەڵەتاندنەوە. هەروەها قەدەغەی کردووە کەسی شارنیشین (کەسی نیستەجێبووی شار) شتومەک بفرۆشێت لە جیاتی گوندنیشین (کەسی دەرەوەى شار) چونکە کەسی شارنشین نرخی شتومەکەکان بە باشی دەزانێت لە کاتێکدا کەسی گوندنیشین بەو شێوەیە شارەزا نیە سەبارەت بە نرخەکان بۆیە ئەگەر کەسی شارنیشین لە جیاتی کەسی گوند نیشین شتومەکەکان بفرۆشێت ولەوەیە فێڵ بکات وبە نرخێکی کەمتر شتومەکەکانى بفرۆشێت وهەندێک وردەکاری وهەقیقەت سەبارەت بە شتومەکەکە نەخاتە ڕوو ولێرەدا کەسی فرۆشیاری یەکەم زیان دەکات بەڵام کڕیارەکان لەوەیە قازانج دەکەن بە نادادپەروەرانە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: (دعوا الناس، يرزق الله بعضهم من بعض)، واتە: (واز لە خەڵکی بهێنن با بۆ خۆیان بازرگانى بکەن، خواى گەورە بە هۆی یەکترەوە ڕزقیان دەدات). ئەگەر کەسی گوندنیشین خۆی شتومەکەکە بفرۆشێت کڕیارەکان زیاتر قازانج دەکەن؛ چونکە کەسی گوندنیشین وردەکاری زیاتر دەزانێت سەبارەت بە شتومەکەکەى لە کاتێکدا لەوەیە ئەو کەسەی کە لە جیاتی (بە ناوى) ئەوەوە دەیفرۆشێت ئەو وردەکارییانە نەزانێت ئەمەش لە قازانجی کڕیارەکانە. هەروەها قەدەغەی کردووە کەسێک بچێتە داخوازی ئافرەتێک لە کاتێکدا برایەکی مسوڵمانی لە داخوازى ئافرەتەکەیدایە لە پێش ئەو؛ نابێت ئەمە ئەنجامبدات هەتا دڵنیا دەبێت پرۆسەی داخوازیکردنەى کۆتایی هاتووە و وازی هێناوە لە داخوازیکردن. ئەم کارە قەدەغەکراوە چونکە دەبێتە هۆی دوژمنایەتی وڕقایەتی لە نێوان هەردوو داخوازیکارەکە، وهەروەها دەبێتە هۆی بڕینی ڕزق وسوود لەسەر برای مسوڵمان. هەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- قەدەغەی کردووە کە کە ئافرەتێک داوا لە مێردەکەی بکات کە خێزانەکەى تری تەڵاقبدات یان ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ وفیتنە وناکۆکی لە نێوانیان کە ئەمیش سەرەنجامەکەى تەڵاقدانە، بۆیە ئەم کارە حەرامکراوە چونکە خراپەکارى زۆری لێدەکەوێتەوە دەبێتە هۆی دوژمنایەتی وڕقایەتی وبێبەشکردنی ئافرەتە تەڵاقدراوەکە لە مافەکانى کە بەهۆی مارەییکردنەوە پیاو لەسەریەتی بۆی دابین بکات لە هەموو جۆرە پێداویستیەکان. ولەم فەرموودەیەدا باسی ئەوەش کراوە کە ئافرەتەکەى تر بۆیە دەیەوێت ئەم ئافرەتە تەڵاق بدرێت بۆ ئەوەى خۆی شوێنی بگرێتەوە ومافەکانى ئەو بۆ خۆی ببات، ئەمیش ئەوپەڕی ستەم وتاوانە جا بەرامبەر بە هەوێ بکرێت یان هەر ئافرەتێکی تر.